سنە یەکێک لە شارە گەورەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای کوردستانی ئێران و هەروەها ناوەندی شارستانی سنەیە. سنە، لە باری ژمارەی دانیشتوانەوە، دوای کرماشان و ورمێ سێهەمین شاری گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه. بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٦ ، ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارە نزیکەی 780000 کەسە و نزیکەی ١٥٠٠ میتر لە ئاستی دەریا بەرزترە.خەڵکی شارەکە بە زاراوەی ئەردەڵانی (هێندێ پێی دەڵێن سنەیی) قسە دەکەن، کە لقێکە لە سۆرانی (بە ھەورامیش نزیکە)، هەروەها زۆرجار خەڵکی سنە و ئەو ناوچە بە سنە دەڵێن: کوردسان یان کورسان واتە کوردستان. هۆکاری ئەوەیە کە سنە هەر لە سەرەتای دامەزران تا ئەو ڕۆژەی کە قاجاڕەکان بە تەواوی خستیانە ژێر دەستەڵاتی ڕاستەوخۆی خۆیان، پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان بووە و ئەردەڵانەکان بە حکومەتەکەی خۆیان دەیانگوت حکومەتی کوردستان.
مێژوو :
بەر لە ساڵی ١٠٤٦ ک.م، سنە گوندێکی بچووک بووە کە تایفەیەک بە ناوی کەوش زێڕینە لەوێ نیشتەجێ بووون. سولەیمان خانی ئەردەڵان لە ساڵی ١٠٤٦ی کۆچی مانگی، بوو بە والیی کوردستان. بە فەرمانی پادشای سەفەوی (شاسەفی، شەشەمین پاشای سەفەوی)، قەڵاکانی زەڵم، حەسەن ئاوا و پاڵەنگانی وێران کرد و لە گوندێک بە ناوی سنە بارگەو و بنەی دامەزراند و کردیە پایتەختی کوردستان. ئەو سەرەتا، قەڵایەکی حکوومەتیی لە سەر تەپۆڵکەیەک بە بەرزی بیست میتر درووست کرد و لە دەرەوەی قەڵاکە دا، بازاڕ و مزگەوت و ماڵی کردەوە (جێگەی ئەو قەڵایە، ئەمرۆکە دەکەوێتە ناوەندی شار، ئەو شوێنەی کە خەڵکی سنە پێی دەڵین: بان باشگا. ھۆکەی ئەوەیە کە ئەو شوێنە لە زەمانی دەسەڵاتی پەھلەوی دا باشگای ئەفسەران بووە و ئێستاش بنکەی ناوەندیی بەسیجە). سولەیمان خان ناوی ئەو قەڵا نوێیەی نا «سنەدژ» (دژ یانێ قەڵا) کە عەرەبیکراوەکەی دەبێتە سنندج. لە شەڕی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان، میرنشینی ئەردەڵان تاوێک ھاوپەیمانی سەفەوییە بوو و تاوێک ھاوکاری عوسمانی دەکرد. لە ١٧٣٣دا کەریم خانی زەند سنەی داگیر کرد. دوای ماوەیە ئابلۆقە خەسرەوخان دەسەڵاتی ئەو بەشەی کوردستانی گرتە دەست. لە ١٧٩٩ تاکوو ١٨٢٤ ئەمانوڵاخان کوڕی خەسرەوخانی ئەردەڵان حوکمڕانی دەکرد لە سنەدا. ئەو ھەولێکی زۆردا بۆ درووستکردەنەوە و بەرەو پێشبردنی کاروباری شارەکە.


برابری کجاست؟!
کوردستان هەر وڵاتێکەو نابێت بە چوار